گشت هەواڵەکان

تیترواسک: باڵندەی ئاگادارکەرەوەی کوردستان

وێنەی دیمەنەکان 11 ئایار 2025
تیترواسک: باڵندەی ئاگادارکەرەوەی کوردستان

هەولێر، هەرێمی کوردستانی عێراق - شەوێکی درەنگی هاوینی ساڵی ٢٠٢٠، کاتێک بە ئۆتۆمبێلەکەم دەگەڕامەوە بۆ گوندەکەم لە دەوروبەری هەولێر، لەڕووناکی لایتەکاندا باڵندەیەکم لە ناوەڕاستی ڕێگەکەدا بینی، کە لە چاوتروکانێکدا فڕی و لە ئاسمانی شەودا وندا بوو. بە قەبارەی یەکێک لەو کۆترانە بوو کە بە ئاسانی لەسەر باڵەخانەکانی شاردا دەیانبینین، بەڵام کەمێک باریکتر و کشیدەتر بوو. دوو قاچی درێژی زەرد، سکی سپی، مل و سەری ڕەش، و دەنووکێکی سووری هەبوو.

ئەوە تیترواسک بوو، کە بە زانستی بە (Vanellus indicus) دەناسرێت. لە کوردییاندا چەندین ناوی هەیە کە باوترینیان تیترواسکە. لە هەندێک ناوچەشدا پێی دەگوترێت زیقاوڵە ، ناوێک کە لە منداڵییەوە گوێم لێدەبوو بێ ئەوەی پەیوەندی بەم باڵندەیەوە بکەمەوە.  بە دەنگە دەنگکەر و هاتوچۆکەر زۆرجاریش بە زیقاوڵە دەشوبهێنران.

تیترواسک خاوەنی یەکێک لە بەرزترین و جیاوازترین دەنگەکانی ئاگادارکردنەوەیە لە مەترسی. ئەوان زۆر وریان و هەمیشە لە ئامادەباشیدان. لە دەوروبەری جۆگەلەکانی ئاو، کێڵگەکان، زەوییە بەردینەکان و زەوییە کێڵدراوەکاندا دەژین.

دوای ئەو دیدارەی سەر ڕێگەی گوندەکەم، ئیتر ڕۆژانە لە ناو کێڵگە و زەوییەکانی دەوروبەری شوێنی ژیانمدا تیترواسکم دەبینی و چاودێریم دەکردن. لەم چەند ساڵەی دواییدا هێندە بە بەردەوامی بینیومن و گوێم لە دەنگیان بووە، تا ڕادەیەک دەتوانم شیكردنەوە بۆ دەنگەکانیان بکەم. بۆ نموونە، دەزانم کاتێک دەنگ دەردەکەن ئایا ڕێویێک تێدەپەڕێت، یان سەگێکی وێڵ لە هێلانەکەیان نزیک دەبێتەوە، یان مرۆڤێک بەرەو ئەو لایە دەروات کە هێلکەیان تێدا داناوە. بۆ هەر ڕووداوێک دەنگێکی تایبەتیان هەیە و بە تێپەڕبوونی کات فێری ناسینەوەیان دەبیت. سەگەکانی منیش فێربوون وەڵامی ئەم دەنگە بێبەهرانەی خەو بدەنەوە، و دەزانن ئایا بەدوای دەنگەکەدا بڕۆن یان پشتگوێی بخەن.

ئەم باڵندەیە بە شەودا ڕێک بەقەد ڕۆژ بەئاگا و وریان.

بە دڵنیاییەوە زیاتر لە جۆرێک تیترواسک لە جیهاندا هەیە. جۆری دیكەی وەک تیترواسکی باکووری، تیترواسکی دەمامکدار، تیترواسکی باشووری، تیترواسکی باڵشاخدار، سەڕڕەش، سەرسپی، تیترواسکی تاجدار، و نزیکەی ١٥ باڵندەی تر لە خێزانی کێوی کە هەندێک جار بە تیترواسک ئەژمار دەکرێن.

تیترواسک تەنیا لە ژمارەیەکی دیاریکراوی وڵاتاندا دەژێت کە درێژ دەبێتەوە لە ڤێتنام و کامبۆدیا لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیاوە تا هیندستان، باشووری عێراق، و هەرێمی کوردستان، کە دیارە نزیکەی کۆتای سنووری ڕووبەری ژینگەییانە.

ژیان و بژێوییان لەسەر کرم، مێروو، و ئەو زیندەوەرانەیە کە لە دەوروبەری زۆنگاو و زەوییە شێدارەکاندا دەژین و زۆردەبن. چوار هێلکە لە هێلانەیەکدا دەنێن کە لەسەر زەوی و لەنێوان چەقڵ، چەو و بەردە بچووکەکاندا دروستی دەکەن. ئەوان بە پێویستی نازانن وەک باڵندەکانی تر هێلانە بپۆشن، بەڵکو تەنیا چەند بەردێکی بچووک وەلا دەنێن و شوێنێک تەنیا بۆ چوار هێلکەکە پاک دەکەنەوە.

لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا تیترواسک جۆرێکی ڕەسەن، نیشتەجێ (نیشتەجێی هەمیشەیی) و زۆربووە. بەپێی یەکێتیی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی سروشت (IUCN) ڕووبەری بڵاوبوونەوەیان دەگاتە ١٥١ ملیۆن کیلومەتری دووجار و لە لیستی سووری ساڵی ٢٠١٦ی جۆرە لەناوچووەکاندا، لە پلەی "کەمترین مەترسی" (LC) دانراون.

دۆزینەوەی هێلانەی تیترواسک کارێکی ئاسان نییە. دەکرێت تەنیا نیو مەتر لە هێلانەکەیەوە دوور وەستابیت و پێی نەزانیت، بەهۆی شاراوەیی و ڕەنگمۆرکردن (کامۆفلاژ)ی بێئەندازەیییەوە. نەخشی سەر هێلکەکان ڕێک لەگەڵ خاک و چەوی دەوروبەریاندا یەکدەگرێتەوە. بێجگە لەوەش، یەکێک لە باڵندە دایک و باوکەکان یان جفتەکە بەیەکەوە بە بەرزترین دەنگیان هەڵدەفڕن. جار بە جار لە شوێنێکدا دەنیشنەوە کە زۆر دوورە لە هێلانە ڕاستەقینەکەیان و فێڵت لێدەکەن تا بڕوا بکەیت هێلکەکان لەوێن. دەچیتە ئەو شوێنە تەنیا بۆ ئەوەی جارێکی تر بفڕنەوە، لە شوێنێکی تر بنیشنەوە و هەمان تەکتیک دووبارە بکەنەوە. هەموو هەوڵێک دەدەن تا لە هێلانەکەیان دوورت بخەنەوە کە لە ڕاستیدا دەکرێت تەنیا چەند ئینچێک لە پێیەکانتەوە دوور بێت و نەیبینیت.

کاتێک سەگ، ڕێوی یان ئاژەڵێک بێت کە زۆر لە هێلانەکەیان نزیک ببێتەوە، بێگومان بەپەرۆشتر و هێرشبەرانەتر دەبن. لە ئاسمانەوە بە خێرایی و دەنگەدەنگێکی زۆرەوە نوقم دەبنە خوارەوە و بە جۆرێک دەکەونە جووڵە تا داگیرکەرەکە ناچار بە پاشەکشە بکەن. کاتێک ئەم وتارەم دەنوسی، بەیانییەکی زوو، بینیم ئەم دیمەنە دووبارە بووەوە کاتێک تیترواسکێک هەوڵی دەدا بازێک لەسەر درەختێکی پەڕاوی سنووری ڕووبەرەکەی دەربکات.

تەنیا لە ساڵی ٢٠٢٢دا گەواهی لەدایکبوونی ٦٨ تیترواسک بووم بە دۆزینەوە و چاودێریکردنی چەندین هێلانە کە چوار هێلکەیان تێدا بوو. بەهۆی ئەوەی ئەم باڵندەیانە لەسەر زەوی کراوەدا دەژین، بێچووەکان زیاتر لە ڕۆژێک یان چەند کاتژمێرێک لە هێلانەکەدا نامێننەوە. لەناو زەویی کراوەدا زۆر بێپەنا و لاوازن. بۆیە لەماوەی چەند کاتژمێرێکدا دوای هەڵهاتنیان لە هێلکە، شوێنەکە جێدەهێڵن و لەنێوان بەرد، زەویی کێڵدراو، چڵەپۆپە و گژوگیای وشکدا نادیار دەبن. لە ئاسمانەوە، دایک و باوکەکە بەبەردەوامی لەو ڕووبەرە مەزنەی خوارەوەدا چاودێریان دەکەن. بەردەوام لە جووڵەدا دەبن تا پەڕی گونجاو دەردەکەن و بەرەو ئاسمان دەفڕن.

لە بەشە جیاوازەکانی جیهاندا تیترواسک بە ئەفسانە و بڕوای جیاوازەوە بەستراوەتەوە. لە کلتووری کوردیدا، سیمبولی وشیاری و هەڵگری هەواڵن بۆ دوور و نزیک. لە هەندێک شوێن باوەڕیان وایە ئەگەر باڵندەکە لە شوێنی بەرزدا هێلکە دابنێت، واتە بارانی بەخوڕ و لافاو ڕوودەدات، بەپێچەوانەشەوە لە شوێنی نزمتر دابنێت، واتە وشکەساڵی بەدوادا دێت.

ڕەفتار و تایبەتمەندییەکانیان هەرچییەک بگەیەنێت، هیوادارین ئەم باڵندەیە و دەنگەکەی هەمیشە دەنگێکی ئاشنا و بەردەوام بێت لە سروشتی کوردستاندا.

نووسەر: ئەیوب نوری

سەرچاوەی وێنە: Ebird